کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەم قەیرانی کۆرۆنایەدا لە بیری بەرژەوەندیی خۆیدایە

11:01 - 27 رەشەمه 2719

شیرکەتی گازی ڕێژیم لە قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لەجیاتیی بەهاناوەچوونی خەڵک، لە بیری داڕشتنی ڕێکار بۆ وەرگرتنی پارەی گاز لە خەڵکە.

شیرکەتی گازی ڕێژیم بە ناردنی پەیام بۆ خەڵک داوای کردووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ پێشگرتن لە تەشەنای زیاتر، ژمارەی کونتور و ژمارەی هەژماریان بۆ شیرکەتی گاز بنێرن.

هەروەها لەو پەیامەدا کە بۆ خەڵک نێردراوە نووسراوە کە ئەگەر ئەو ژمارانە بەڕێ نەکەن، لێکەوتەکانی یەخەتان دەگرێتەوە.

ڕێژیم لەو دۆخە قەیراناوییەدا لەجێی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی خەڵک لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و گیرفانی، زیاتر خەڵک دەخاتە ژێر گوشار و هەروەها بە هەڕەشەکردن و بەکردەوەییکردنی هەڕەشەکانیان خەڵکیان زیاتر لە قەیراندا نوقم کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش لە پارێزگای ئیلام، بە چوونە بەردەرگای خەڵک، کارەبای هەندێک لە ناوچەکانی ئەو پارێزگایەیان بچڕاند؛ هەروەها لە شاری نەغەدەش ڕێژیم هەڕەشەی لە خەڵک کرد کە ئەگەر پارەی فیشەکانیان نەدەن کارەبایان لێ دەپچڕێنن.