کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەنێو خەڵكی کوردستان شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە

13:04 - 15 بانەمەڕ 2720

ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، لە نێوان دانیشتووانی دوو گوندی ''گردوان'' و'' قایێر'' سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەسەر لەوەڕگەی بەهاری، ناکۆکییەک دروست بوو.

ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات لەو ناکۆکییە کەڵکاوەژۆ وەربگرێت و ئاژاوە و دووبەرەکی لە نیوان بنەماڵەکاندا پەرە پێ بدات.

ئەوە لە حاڵێکدا بووە کە خەڵکی ئەم گوندانە هەر زوو هێزەکانی بەناو ئینتزامییان ئاگادارر کردووەتەوە، بەڵام ئەو هێزانە خۆیان لەو کێشەیە بێبەری کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەم کێشەیە پێوندییەکی بەوانەوە نییە.

بەپێی زانیارییەکان، چەندین ساڵە ئەم کێشەیە لە نێوان ئەو دوو گوندەدا هەبووە، لە حاڵێکدا خەڵکی ئەم گوندانە چەندین جار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سکاڵایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە تۆمار کردووە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بەئەنقەست وڵامی خەڵکیان نەداوەتەوە، بۆ ئەوەی کە کێشەکە گەورەتر ببێتەوە و دواتر بۆ مەبەستی خۆیان کەڵکی لێ وەربگرن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان هەمیشە پێی خۆش بووە کە شەڕ و کێشە لەنێو خەڵکدا لە ئارادا بێت.

خەڵکی دڵسۆز داوایان کردووە کە ئەو کێشەیە لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن و داواش لە کەیخوداکان کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نێوبژیوانی بکەن، هەتا ڕێژیمی ئێران نەتوانێت بە شەڕ و ئاژاوە بە مەبەستەکانی خۆی بگات.