کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر کڕینی فڕۆکەی فەرانسەوی لەلایەن ئیماراتەوە هەڵوێستی گرت

09:54 - 17 سەرماوەز 2721

بە دوای سەفەری "ماکرۆن" بۆ وڵاتانی لێوارەی باشووری کەنداو و گرێبەستی چواردە میلیارد دۆلاریی فەرانسە بۆ فرۆشی ٨٠ فڕۆکەی شەڕکەری "ڕافال" بە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز، فەرانسەی بە ناسەقامگیرکردنی ناوچەی کەنداو تۆمەتبار کرد.

"سەعید خەتیبزادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر ئەو هەوڵەی وڵاتی فەرانسە ناڕەزایەتیی دەربڕی و وتی: "پێدانی چەکوچۆڵ و فڕۆکە بە وڵاتانی ناوچە بە مانای نیزامیکردنی ناوچە و شەڕ و نائارامییە و ئەو هەوڵە لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت".

 ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ڕەخنە لە وڵاتی فەرانسە دەگرێت کە بۆ خۆی گەورەترین ئاژاوەگێڕ و تێکدەری ناوچەکە و جیهانە و بەردەوام چەکوچۆڵ بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان دەنێرێت.

هەروەها هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن ئامریکا و وڵاتانی ئورووپاییەوە هۆشداری بە ئێران دراوە کە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە دوورەپەرێزی بکات.