کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەڕێگای دووبەرەکی نانەوە هەوڵ دەدات خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژرادنەکان ڕابکێشێت

12:52 - 17 جۆزەردان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، دوای ئەوەیکە ڕێژیم لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو نەبووە، لەئێستادا ڕێژیم دەیهەوێت بە پیلانی دووبەرەکی ‌نانەوە، خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد، نەغەدە و ورمێ دەیانهەوێت خەڵک هان بدەن کە دژی یەکتر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی شۆراکان بکەن.

ڕێژیمی ئێران لە گوندەکانی ''خوڕخورە و  قزڵقۆپی'' دووبەرەکییەکی زۆر گەورەی دروست کردووە و ئەو ئاژاوەگێڕییە هەتا ئەو ڕادەیە مەترسیدارە کە لەو دوو گوندەدا دوای سەدان ساڵ پێکەوە ژیان، خەڵک بوونەتە دوو بەش.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لەپێناو ئەو پیلانەی ڕێژیمدا، چەند کەس خۆیان بۆ شۆراکان بەربژێر کردووە و دەیانهەوێت خەڵکی ئەو ناوچانە بەو پیلانە بکێشنە سەر سندووق و دوژمنایەتیی گەورە دروست بکەن و بەم شێوەیەش چەند کەسیان لێ بکەنە سیخوڕ بۆ خۆیان.

کەسانی دڵسۆز و نشتیماندۆست داوایان لە گشت خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گوندی ''خوڕخورە''ی شاروێران کردووە کە ئاشتی و تەبایی بخەنە ناو گوندەکە .