کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی بەرق بەرەوڕووە

12:08 - 18 جۆزەردان 2722

"فەرەیدوون عەباسی" ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی ڕێژیم سەبارت بە پچڕانی بەربڵاوی بەرق لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا هۆشداریی بە هاووڵاتییان دا و وتی: "بە دڵنیاییەوە پچڕانی بەرقمان دەبێت و وزەخانەکان ڕێگایەکیان نەماوە و ناچارن مازووت بسووتێنن".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە جێگای ڕێگاچارە داوای لە هاووڵاتییان کردووە کولێرەکانیان بگۆڕن یان کولێری نوێ بکڕن.

لەو پەیوەندییەدا شیرکەتی بەرقی ئێران هۆشداریی بە کارخانەکانی بەرهەمهێنەری پۆڵای ئێران دا کە بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆی نەبوونی بەرق دەبێ ئەو کارخانانە دابخەن و ئەوە دژکردەوەی "ڕەسووڵ خەلیفەسوڵتانی" سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆڵای ئێرانی لێ کەوتەوە.

"خەلیفەسوڵتانی" وتووتی، لە ساڵی ١٤٠٠دا بەهۆی نەبوونی بەرق لە بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن تۆن پۆڵا کە لە بەرنامەماندا بوو، دوا کەوتین؛ هەروەها لە بواری ئابوورییەوە نزیک بە چوار میلیارد دۆلار زیانمان بەر کەوتووە".

هەروەها لەمبارەوە "مێهران ئەمیری" سەرپەرستی شیرکەتی بەرقی لوڕستان داوای لە ئۆرگانەکان کردووە کە بەکارهێنانی بەرق دەبێ هەتا ٣٠ لەسەد کەم بکەنەوە.

هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستان لە وەرزی گەرمادا لەگەڵ کەمیی بەرق و لە وەرزی سەرماشدا لەگەڵ کەمیی گاز بەرەوڕوون. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو ڕێژیمە لەگەڵ قەیرانی وزە بەرەوڕووە و بە داخرانی یەکە پیشەییەکان و پچڕانی بەرق لەسەر هاووڵاتییان بە نیازە ئەو کێشە بنەڕەتییە چارەسەر بکات.