کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مادەی سڕکەر بە تامی میوه بڵاو دەکاتەوە

12:41 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین هەوڵی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ لەنێوبردنی چنەی کۆمەڵگا، مادەی سڕکەر لە جۆری تامی میوە بڵاو دەکەنەوە.

قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان چوارچێوەی کۆمەڵگای ئێرانی تەنیوە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەش لە جیاتی ئەوەی کە چارەسەریی کێشەکان بکەن، خۆیان بە شێوەی سیستماتیک پەرە بە قەیرانەکان دەدەن و بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێ وەر دەگرن.

لە نوێترین مادە سڕکەرەکانێک کە ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکاتەوە، مادەی سڕکەر بە تامی میوە بڵاو دەکاتەوە، کە شوێندانەریی زۆر نەرێنی لەسەر مرۆڤ دادەنێت.

ئەو مادە سڕکەرە زیاتر لە نێو توێژی خوێندکاران و قوتابییاندا بڵاو دەبێتەوە.

گیرۆدەبوون و بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و لە نوێترین ئاماردا کە جێگری ستادی بەرەنگاربوونەوەی مادە سڕکەرەکانی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە، کەمترین تەمەنی گیرۆدەبووان بە مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا ١٥ ساڵە.

مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری عەلی هاشمی سەرۆکی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە دژی مادە سڕکەرەکانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە، کە لانیکەم لە ئێراندا، ٤٠ هەزار میلیارد تمەن پارە لە پێوەندی لەگەڵ بازرگانیی به مادە سڕکەرەکانەوە بە دەست دێت و هەروەها ساڵانە ١٦ تا ١٧ میلیارد تمەنیش لە ڕێگای قاچاخی مادە سڕکەرەکانەوە پارە دەکەوێتە نێو بازاڕەوە.

پێشتریش ویکی لیکس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە، کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندایە و سپای پاسداران تڕانزیتی مادەی سڕکەر دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ویکی لیکس، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و سپای قودس بە ڕێبەریی قاسم سلێمانی، چاوەدێریی قاچاخی مادە سڕکەرەکان بۆ عێراق و لوبنان دەکات.

لەو پێوەندییەدا، ڕەحمانی‌فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە، کە بازرگانیی ماددە سڕکەرەکان ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگی لە سیاسەتی نێوخۆییی ئێراندا هەیە.

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە سپای پاسداران کونتڕۆڵی بەسەر بازرگانیی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە.