کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مزگەوتە ئورووپاییەکانی کردووەتە هێلانەی تێرۆریستی

12:42 - 23 رەشەمه 2720

ڕێژیمی ئێران لە مزگەوتەکانی ئورووپا بە مەبەستی هەناردەکردنی تێرۆریزم بۆ ئورووپا کەڵک وەردەگرێت و تۆڕێکی بەرین لەو مزگەوتە شیعییانەی لە بەرگی ئاییندا لە ئورووپا دروست کردووە.

"ماڵپەڕی بلیتز" سەبارەت بە هەناردەکردنی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە بەرگی ئاییندا نووسیویەتی: "ڕێژیمی یاخیی ئێران بە پرۆژەکاریی هەناردەکردنی چالاکییە شەرخوازانەکانی، تۆڕێکی بەربڵاوی لە مزگەوتە شیعییەکان و ناوەندەکانی دیکەی لە بەرگی ئاییندا لە سەرتاسەری ئورووپا دامەزراندووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیویەتی: "نۆروێژ لەم دواییانەدا ئاخوندی مزگەوتێکی لە ئۆسلۆ بە ناوی مستەفا موتەهەری کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرا لەو وڵاتە دەر کرد، ناوبراو کە مەئمووری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بووە لەگەڵ کەسێک بە ناوی محەممەد داوودیزادە پەیوەندیی بووە و ئەو کەسە مانگی ژووئەنی ڕابردوو لەلایەن دادگای دانمارکەوە بەهۆی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دوورخراوە ئێرانییەکان مەحکووم کراوە".

بەرپرسیکی ئەمنییەتیی نۆروێژ لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ئورووپا دەبینن کە ڕێژیمی ئێران چۆن لە ناوەندە ئایینییەکان و مزگەوتەکان وەکوو دەرگایەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاوەدێری بەسەر دژبەرانی خۆیاندا کەڵک وەردەگرن و ئەمانە لە نۆروێژیش بیندراوە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە بەرگی ئایین بۆ داپۆشینی کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و لەو ڕێگایەوە سەدان کردەوەی تێرۆریستیی لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئورووپا ئەنجام داوە.