کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مزگەوتەکان دادەخات

12:32 - 25 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش بەڕێوەبردنی چالاکیی بەربڵاو لە گوندی نییەر و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی لە مزگەوتی ئەم گوندەوە، مزگەوتەکە لە لایەن جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە داخراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕاگەیاندووە کە پاش بڵاوکردنەوەی سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕانە لە مزگەوتی گوندی نییەر، کە شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی پووشپەڕ و بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاورێیانی، لە لایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە بەڕێوەچوو، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، ئەم مزگەوتە لە لایەن بەرپرسانی پایەگای ڕێژیم لەم گوندەدا داخراوە و سەربازێکیش بۆ چاوەدێری لەو شوێنە دانراوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی داخستنی مزگەوتەکەوە، لە نێوان خەڵک و بەرپرسانی پایەگاکە، ئاڵۆزی دروست بووە.

شایانی باسە کە پاش هەڵکردنی ڕەنگی شین و ئاڵای کوردستان لە شەوی ٢٢ی پووشپەڕدا، وەکوو ساڵانی پێشوو، هێزەکانی ئەم پایەگایە بە مەبەستی هێنانەخوارەوەی ئەو ئاڵایانە چووبوونە نێو گوندەکەوە، کە هەوڵەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.