کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مووشەکی زۆرتر بۆ عێراق دەگوازێتەوە

16:31 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی لە عێراقدا، چەکوچۆڵی قورس و مووشەکی زیاتر لەو وڵاتە جێگیر دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی ئاژاوەگێڕی و سەرەڕۆییەکانی خۆی لە ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتی عێراقدا، خەریکی پڕچەککردن و تەیارکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی سەربە خۆیەتی و چەکوچۆڵی قورس لە جۆرەکانی مووشەک و بەتایبەتی مووشەکی بالستیک دەگوازێتەوە و سەرجەم کەرەستە و کەلوپەلە سەربازییەکان جێگیر دەکات.

لەم بارەوە، هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەوڵی ئاژاوەگێڕانەی خۆی لە ناوچەکەدا، کۆمەڵێک لە جۆرەکانی مووشەکی ڕادەستی میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە عێراقدا کردووە، تاکوو لە هەر ئەگەرێکی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، هێزەکانی هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەیی و بەتایبەت هێزەکانی ئامریکا و هەروەها باڵوێزخانە و کونسوولگەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو وڵاتە بکەنە ئامانج.

لەم پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی لە وڵاتی عێراقەوە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵدەریی تەلەفزیۆنیی "ئەلحەدیسـ"ـی ڕایگەیاندووە: ئەو مووشەکانەی کە ڕێژیمی ئێران نیوەی ڕادەستی میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە عێراقدا کردووە و نیوەشیان لە لایەن لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا جێگیر کردووە، لە سێ سنووری "ئەلشەیب"، "شەلەمچە" و "زەرباتییە"وە بۆ وڵاتی عێراق گوازراونەتەوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە، وتوویەتی: "ئەو مووشەکانەی ڕێژیمی ئێران، بە بارهەڵگری ئاسایی و لە نێوان خواردەمەنییە هەناردەکراوەکانی ڕێژیمدا بۆ عێراق و بە شاراوەیی ڕەوانەی ئەو وڵاتەی و لە کۆگایەکی میلیشاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی "جرف ئەلسەخر" جێگیر کراون ، ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە کە بڕێک لەو مووشەکانە لە ڕێگای پارێزگای "ئەلئەنبار"ەوە بۆ چەند ناوچەیەکی وڵاتی سووریەش ڕەوانە بکات".

ئەم ڕێژیمە، پێشتر چەندین جار جۆرەکانی مووشەک و بەتایبەت مووشەکی بالستیکیی لە ناوچەکانی عێراقدا جێگر کردووە و لە ڕێگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە چەندین جاریش هێرشی کردووەتە سەر ناوەندە دیپلۆماتیکەکانی ئامریکا بەتایبەتی باڵوێزخانە و کونسوولگەرییەکانی لە وڵاتی عێراقدا.