کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مۆڵەتێکی دیکەی پێدرا

12:13 - 9 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: گرووپی تایبەتی ماڵی " FATF"بۆ چاکسازی لە یاساکانیدا مۆڵەتێکی ٣ مانگەی بە ئێران دا تاکوو کۆتایی بە سیاسەت و بەرنامەکانی سپیکردنەوەی پاره و دابینکردنی بەشی ماڵیی تێرۆریزم بهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان گرووپی تایبەتی ماڵی " FATF" کە ناوەندەکەی لە وڵاتی فەرانسەیە، بۆ جارێکی دیکەش ڕێژیمی ئێرانی لە دەرەوەی لیستەی ڕەشی خۆیدا تۆمار کرد و مۆڵەتێکی دیکەی بە تاران دا تاکوو بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی سپیکردنەوەی پاره و دابینکردنی بەشی ماڵیی تێرۆریزم هەنگاو هەڵێنێت.

لەو بەیانییەدا داوا لە ٣٧ وڵاتی جیهان کراوە بە وشیارییەکی تەواوەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵە بکەن؛ هەروەها هاتووە: " FATF" ناهۆمێدە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ ئیجراکردنی بەرنامەی دژایەتی لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە.

ئەم مۆڵەتە لە کاتێکدا بە ئێران دراوە کە عەلی خامنەیی لە دوایین ڕۆژی جۆزەرداندا بڕیاری دابوو گەڵاڵەکانی پەیوەست بە " FATF" وەلابنرێن و بڕیاری بە مەجلیس دابوو کە بەشێوەی سەربەخۆ یاساکانیان لەپێوەندی لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە پەسند بکەن.

ساڵی ڕابردووش بڵاڤۆکی پۆلیتیکۆ‌ کە ناوەندەکەی لە ئامریکایە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە سپیکردنەوەی پارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

هاوکات دامەزراوەی نێونەتەوەیی بازڵ لە سویس کە تایبەت لەسەر پرسی سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونە لە دژی تێرۆریزم کار دەکات لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠١٧ ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەمین وڵاتی جیهانە لەمەڕ سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی لە تێرۆریزم.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی بەملاوە وڵاتی ئێران بەردەوام یەکێک لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان لەپێوەندی لەگەڵ پرسی سپی‌کردنەوەی پارە و پشتیوانی لە تێرۆریزم بووە.