کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ٣ میلیارد تمەنی خەرجی شانۆی ماتەمین کردووە

11:13 - 29 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە خەڵکی لافاولێدراوی سیستان‌وبەلووچستان لە لافاودا نوقم بوونە، ڕێژیم ٣ میلیارد تمەن پارەی بۆ شانۆی ماتەمینی پاسدارێکی تێرۆریست خەرج کردووە.

"مێهران عالەمزادە"، شارەداری ڕێژیم لە شاری کرمان، لە دانیشتنی شۆرای ئەو شارەدا، باسی لە خەرجکردنی ٣ میلیارد تمەن پارە بۆ بەڕێوە بردنی شانۆی ماتەمین و دەفنی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" کردووە.

ئەو بەناو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی، ئەو پارەیە بۆ "ڕاکێشانی ١٤ هەزار میتر بەنێر، ٥ هەزار میتر پارچەی ڕەش، چاپ و بڵاوکردنەوەی ٧٠ هەزار پووستێر، هەڵواسینی ٣ هەزار ئاڵا و ژمارەیەکی بەرچاو بیلبۆرد و ئێستابۆرد"، خەرج کراوە.

هەروەها ناوبراو وتوویەتی ١٤٠ملیۆن تمەن گوڵ لە شەقامەکاندا زیانیان دیوە کە دەبێ قەرەبوو بکرێتەوە.

دابینکردنی ئەو تێچوویه بۆ تێرۆریست قاسم سلێمانی لە حاڵێکدایە کە پارێزگای سیستان‌و‌بەلووچستان لە لافاودا نوقم بووە و بەناو بەرپرسانی ڕێژیم لەو ڕاستایەدا هیچ هەوڵێکی کردەییان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەداوە و تەنیا بە قسە و دروشم هەوڵی دڵخۆشکردنی خەڵک دەدەن.

هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتی سەردان بۆ شوێنە لافاولێدراوەکان، لە جیاتی بردنی یارمەتی بۆ خەڵک و چارەسەریی کێشەکانیان، بە مەبەستی سیاسیی خۆیان کەڵکاژۆ لە هەستەکانی خەڵک وەردەگرن.