کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

12:42 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی تێرۆریست و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

مایکل مەک‌کال، جێگری کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، لە کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی فرۆشتنی چەک و کەرەستە سەربازییەکانی ئامریکا، کە بە بەشداریی "کلارک کووپێر"، یاریدەدەری مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو، ڕایگەیاندووە: کە ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە کاری خۆی بە تیرۆرەوە دەست پێ کردووە و بناغەی لەسەر تێرۆر دامەزراوە و لە زۆربەی کردەوە تێروریستییەکانی دژبە ئامریکادا دەستی هەبووە، یان بە شێوەگەلێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتییانی کردوووە، ڕێژیمی ئێران لە ئێستاشدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

نابراو، لە بەشێکی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێمە پشتیوانی لە پاڵپشتییە بەرگرییکارانەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی دەکەین. میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران خەریکن هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانەکانی ئامریکاوە".

ئەم بەرپرسەی ئامریکا، لە بەشیکی تری قسەکانیدا، ڕایگەیاندووە: هەر چەندە لە وڵاتی "یەمەنـ"ـدا لە ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستانی سعوودی پاڵپشتی دەکەین، بەڵام ئێمە خوازیارین بە بەرپرسیارەتییەوە ئەو ئۆپراسیۆنانە بەڕێوە بچن.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا، کلارک کووپێر، لەسەر ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: هەوڵەکانی وەزازرەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ پێشگرتن بە ڕێژیمی ئێرانە، چونکە هەڕەشەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە پێ داوە.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕاگەیاندووە: ئامانجی ئێمە بۆ پاڵپشتیکردنی چەک و کەرەستەگەلێکی سەربازییە، کە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەربەرەکانێ و بەرەنگاریی بکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە، بەردەوام هەڕەشەی هێرش و کردەوەی تیرۆریستی بۆ سەر بەرژەوەندی و ‌هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا کردووە، چەند جارێکیش لە ڕێگای گرووپ و هێزە تێرۆریستەکانی خۆیەوە لە ناوچەکە، هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکاوە.