داهاتی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و زۆربەی پڕۆژەکانی ڕێژیم بە تایبەتی پرۆژە بەرهەمهێنەرەکانی وەزارەتی نەوتی ڕێژیم ڕاگیراون.
"بیژەن نامدار زەنگەنە" وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ خەڵکی لافاولێدراوی خوزستان و مەسجد سلێمان وتوویەتی، وەزارەتی نەوت به هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان "نانی شەوی نییە"(آه در بساط ندارد) و گۆنای خۆی بە زللـە سوور دەکاتەوە.
ناوبراو وتوویەتی داهاتی نەوتیی ئێمە زۆر دابەزیوە و زۆربەی پرۆژەکانمان ڕاگیراوە.
زنگەنە لە کاتێکدا باسی پڕۆژەی نیوەچڵی دەکات کە تەنیا لە کوردستان هەزاران پرۆژەی نێوەچڵ بوونی هەیە و ئەو پڕۆژانە تەنانەت بۆ پێش گەمارۆ ئابوورییەکان دەگەڕێتەوە.
ئامانجی ئەسڵیی قسەکانی وەزیری نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نایانهەوێ یارمەتی بە خەڵک بدەن و خەڵکیش چاوڕوانیی لە ئەوان هەبێت.
زەنگەنە وتوویەتی، دەبێ لە بەشی پیشەی نەوت ٢٥ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاری بکرێت دەنا وەزارەتی نەوت مایەپووچ دەبێت.
پیشەی نەوتی ڕێژیمی ئێران پرتوکاوە و بەهوی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا هیچ شیرکەتێک نایهەوێ لە ئێراندا سەرمایەگوزاری بکات.
ئەو قسانەی زەنگەنە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەریی نەبووە.