کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی بە مەبەستی سیخوڕی و تێکدانی شوناسی کوردەکان دامەزراند

13:42 - 9 جۆزەردان 2722

ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتی ڕاکێشانی کوردەکان و ستاندنەوەی شوناسی ئەو نەتەوەیە و زاڵکردنی فەرهەنگی ئێرانی بەسەر کوردەکان ناوەندێکی لەژێر ناوی ''لێکۆڵینەوەی گۆڕانکاریی کورد'' کە بەشێک لە ''ئەنجومونی لێکۆڵینەوەی ڕۆژاوی ئاسیا''یە، دامەزراندووە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ''حەسەن دانایی فەرد'' باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و یەکێک لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی قودس و ژمارەیەک لە مۆرە و کەسانی سەر بە ڕێژیم لەو گرووپە کە بە مەبەسەتی چەواشەکردن، سیخوڕی و ئاژاوەگێڕی لەنێو کوردەکان دامەزراوە، بەشدارییان هەیە.  

دامەزراندنی ناوەندی لەو شێوەیە هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ دزەکردن بەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەردەخات کە لە ڕاستای ‌چەواشەکردن، سیخوڕی و ئاژاوەگێڕییە.

‌پێشتریش ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ناوەندگەلێک و ژمارەیەک لە جاشقەڵەمەکان لە هەوڵی چەواشەکردنی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد و مێژووی ئەو نەتەوەیەدا بووە، هەتا بەڵکوو بتوانێت کوردەکان وەکوو بەشێک لە بەناو ''فەرهەنگی ئێرانی'' بناسێنێت.