کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەزانێت

13:45 - 19 گەلاوێژ 2720

''عەبدولناسر هیمەتی'' بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دراوی لە ئێران بۆ خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی گەڕاندووەتەوە و دەڵێت کە دەوڵەت لە گرانبوونی نرخی دراو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە.

ناوبراو لە وتوویژێکی تێلێڤیزیۆنیدا باسی لەوە کرد خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ چاوەڕوانییەکی نەرێنی لە کۆمەڵگادا پێکهێنا و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو.

بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی:''بەرزبوونەوەی نرخ دراو لە ڕەشەمەی ٩٦ و خاکەلێوەی ٩٧ و دوای هاتنە بەرباسی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام دەستی پێکرد و دوای خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ نرخی دۆلار لە ١١ هەزار تمەنەوە بۆ ١٣ هەزار تمەن بەرز بووە، ئەم خۆپیشاندانە بێ وێنەترین خۆپیشاندان لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بووە".

''هیمەتی'' هاوچەشنی ''خامنەیی'' باسی لەوە کرد کە بەرزبوونەوەی نرخی دراو هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی هەیە''.

ئەمه لەحاڵێکدایە کە بانکی ناوەندی پێشتر، چەندین جار بەڵێنی دابوو کە نرخی دۆلار دادەبەزێنێت، بەڵام دوای ئەم بەڵێنیانە بەهای دۆلار هەروا بەرز بووەتەوە.

هەر چەند گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا کاریگەریی زۆری لە سەر دۆخی ئابووریی ئێران داناوە، بەڵام گەندەڵی و ئیختلاسی چەند میلیۆن دۆلاری بە شێوەی بەردەوام و ناکارامەیی بەڕێوەبەریی و هەروەها یارمەتیدانی ماڵی و نیزامیی گرووپە تێرۆریستییەکان بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان دێتە ئەژمار.