کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران نەوتەکەی لەسەر دەستی دەمێنێتەوە

16:59 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، خولێکی دیکەی وتووێژ لەگەڵ چەندین وڵاتی جیهان دەست پێ دەکاتەوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا ڕایگه‌یاندووە، وڵاتەکەی وتووێژەکانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ٨ وڵاتەی کە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بەخشرابوون‌ ده‌ست پێ ده‌كاتەوە، کە به‌تایبه‌تی وتووێژ لەسەر نەكڕینی نه‌وت لە ئێران لە خۆ دەگرێت.

ئەو هەوڵەی ئامریکا، هەنگاوێکە بۆ ڕاگرتنی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی ئێران به‌ته‌واوەتی کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە باری ئابوورییەوە هه‌ناسه‌ی‌ ئێران ببڕدرێت.

ئه‌گه‌رچی واشنگتۆن لە دوای بەرجام سزای نوێی به‌سه‌ر ڕێژیمی ئێراندا سه‌پاند، به‌ڵام ٨ وڵات له‌ بازرگانیكردن و كڕینی نه‌وتی ئێران بەخشراون.

ئەو ٨ وڵاتەی کە لایەن ئامریکاوە بەخشرابوون بریتین لە‌ چین، هیندوستان، یوونان، ئیتالیا، تایوان، ژاپۆن، توركیه و كۆریای باشوور.

له‌ دوای سزاکانی ئامریکا، ڕێژیمی تاران به‌ به‌رده‌وامیی هه‌وڵ ده‌دات درێژه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بدات، كه‌ داهاتی سه‌ره‌كیی وڵاته‌یه‌كه‌یەتی‌.

"بیژەن زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، کە ئێمە توانیومانه سزا ئابوورییەکانی ئامریکا دەور لێ بدەینەوە.

دوابەدوای گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەشێکی زۆری کۆمپانیا ناودارەکان و وڵاتانی ناوچەکە گەمارۆیان خستووەتە سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێران و زۆربەشیان هاوردەکردنی نەوتیان لەو ڕێژیمە ڕاگرتووە.

بە هۆی ئەو بڕیارەی ئامریکا بۆ ڕاگرتنی فرۆشی نەوتی ئێران لە جیهاندا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزیان کرد.

جەعفەری یەکێک لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ئاماژەکردن بە قسە هەڕەشەئامێزەکانی ترامپ، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گەمارۆوە فراوانەکانی بۆ سەر نەوتی ئێران، وتبووی: "ئەوەی کە دەوڵەتی ئامریکا دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێ لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت، کارێکی گاڵتەجاڕانەیە وەک ئەوەی کە نەزانێت هەموو  ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت لە ژێردەستی ئێراندایە و هەر کاتێک بیەوێت، دەتوانێت هەناردەکردنی نەوتی جیهان ڕابگرێت".

لەو ماوەیەدا ڕێژیمی ئێران، بەردەوام هەڕەشەی داخستنی ئاوەڕێی نێونەتەوەیی گەرووی هۆرمۆزی، وەکوو کارتی گوشار لە دژی کۆمەڵگای جیهانی بەکار هێناوە.