کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی بە ئامریکا دا

18:14 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە دەوڵەتی ئامریکا دا کە لە کاتی هێرش بۆ سەر ئێران، هەموو بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لەنێو دەبەن.

ڕۆژی شەممە، ٣١ی جۆزەردان، "ئەبولفەزڵ شکارچی"، جێگری فەرهەنگی و تەبلیغاتیی بەرگری و وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هەواڵدەریی "تەسنیم"، نزیک لە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕاگەیاند: "هەڵەی نیزامیی دوژمن، بەتایبەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکەی لە ناوچەکەدا، وەک تەقەکردنە لە ئەنبارێکی بارووت، کە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لەسەر ئەو بارووتە جێگیر بووبێتن، ناوچەکە ئاگر تێبەردەدەین، هەم ئامریکا و هەم هاوپەیمانەکانیشی لەنێو ئەو ئاگرەدا دەسووتێنین."

ناوبراو لەبارەی ئەگەری ڕوودانی وتووێژ لەگەڵ ئامریکادا وتی: "ئامریکا دەیهەوێت، زیانە قورسەکانی خۆی لە ڕێگای وتووێژەوە قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئێمە لەم کارە شەیتانییەی دوژمن خۆمان دوور دەگرین."

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وێدەچێت وەڵامێک بێت بۆ توییتێکی، "دانێڵد ترامپ"، کە لە شەوی ٢٠ جۆزەرداندا نووسیبووی: "بڕیاری هێرشی نیزامیم بۆ سەر سێ خاڵی نیزامیی ڕێژیم، ١٠ خولەک پێش ئەنجامدانی، ڕەت کردووەتەوە."

دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان دەوڵەتی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا زیادی کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنیان لێ دەکەن.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران بووەتەوە هۆی ئەویکە وڵاتانی ناوچەکەش بۆ پاراستنی ئەمنییەت و بەڕەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری هەر مەترسی و هەڕەشەیەک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئامادەکاری بکەن.