کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک لە بوومەلەرزەلێداراوانی کرماشان نەداوەتەوە

13:16 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەی هیچ ئاوڕێکی لە بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان نەداوەتەوە، لەسەر خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە پڕۆپاگەندە و چەواشە بڵاو دەکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە دوو ساڵ لە کارەساتی بوومەلەرزە ماڵوێرانەکەرەکەی پارێزگای کرماشان تێپەڕ دەبێت، جیا لەوەی کە ئەرکی ناوەند و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمە لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکەوە بە هانای ئەو خەڵکی لێقەوماوە بچن، بەڵام وێڕای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ لەو ڕووداوە، جیا لەوەی کە ڕێژیم هیچ ئاوڕێکی لە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە نەداوەتەوە، بەڵکوو زۆر جاریش هەواڵی پڕۆپاگەندە و چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە.

لەم بارەوە، "موحیبەت جەماڵی‌نیا"، فەرمانداری شاری سەرپێڵی‌زەهاو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کێشە و گرفتی زەویی بۆ خانوو بۆ کرێنشینه بوومەلەرزەلێدراوەکان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و ئەوەش ئەرکی ڕێکخراوی نیشتمانیی زەویی ڕێژیمە، کە تاکوو ئێستا ئەو ڕێکخراوەش بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.

موحیبەت جەماڵی‌نیا، لە بەشێکی قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بەوەی کە کڕین و دابینکردنی زەویی بۆ خانووی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو ناوچانە، کاری ڕێکخراوی نیشتمانیی زەوییە، وتوویەتی: "بەپێی وادە و بەڵێنییە نەنووسراوەکانی بەرپرسان بڕیار دراوە، کە بە کرێنشنیە بوومەلەرزەلێدراوەکان زەوی بۆ خانوو بدرێت، بەڵام لەم بارەوە تاکوو ئێستا بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتوون و چاوەڕێی بڕیاری کۆتاییی ئەوانین. چەند ڕۆژی ڕابردووش خۆمان لەم بارەوە، لەگەڵ پارێزگاری کرماشاندا کۆبوونەوەیەکمان بەڕێوە بردووە و ئێستاش چاوەڕێی ئاکامی ئەو کۆبوونەوەین".

فەرمانداری شاری سەرپێڵی‌زەهاو، لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسی لەوە کردووە، کە کڕینی زەوی تەنیا بۆ کرێنشینە بوومەلەرزەلێدراوەکانە و بۆ کرێنشینە نیشتەجێ لە بینا وێران و پەرتووەکاوە مەترسیدارەکان زەوی نەدراوە و ڕایگەیاندووە، کێشەی زەویی کرێنشینەکان کە لە لایەن بەرپرسانەوە بەڵێنیکی لەسەر دراوە، دەوڵەت بەدوایەتی و خەریکە بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵام بە شێوەی هێشتا پەسەندکراو ڕانەگەیندراوە.

ناوبراو، لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە، کرێنشینەکان نیشتەجێ لە بینا پەرتووە و ڕووخاوەکانی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، هەر کامەیان بۆ نیشتەجێبوونی کاتیی خۆیان لەو شوێنانەدا، زیاتر لە ۱۷ میلیۆن تمەنی ئێرانییان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا لە کانێکسدا دەژین.

ئەم چاواشەکارییانەی فەرمانداری شاری سەرپێڵی‌زەهاو لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵ دوای یەکەمین بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هێشتا خەڵکی زۆربەی ناوچە کارەساتبارەکانی ئەو پارێزگایە سێهەمین زستانیان لە نێو بەفر و باران و لافاوی قوڕاوەکاندا بردووەتە سەر و لە کاتی لافاوە زیانبارەکەی ئەمساڵیشدا زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە، خێوەت و کانێکسەکانیان کەوتبووە سەر ئاو.