کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێرشی سایبێریی کردە سەر چەند دامەزراوە و شیرکەتی بیانی

10:57 - 15 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: گرووپێکی هەکێریی سەر بە ڕێژیمی ئیران، لە هێرشێکی سایبێریدا، هێرشیان کردە سەر چەند دامەزراوە و شیرکەتی بازرگانی و دامەزراوەی مافی مرۆڤی لە چەند وڵاتی دنیادا.

گرووپێکی هەکێری سەر بە ڕێژیمی ئێران کە خۆیانیان بە "قەڵخانی ئێران" ناساندووە، بە بیانووی تۆڵەی کوشتنی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، هێرشێکی سایبێرییان کردووەتە سەر"بانکی سەیرولئوونی، شیرکەتێکی بازرگانیی تایوانی و دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی لە کەلکەتەی هیند".

ئەو هێرشە لە حاڵێکدا ئەنجام دراوە کە ئەو پاسدارە تیرۆریستە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کوژراوە و هیچ پەیوەندییەکی بەو شوێنانەوە نییە کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر.

لەو هێرشە سایبێرییەدا، ماڵپەڕەکانی ئەو شیرکەت و دامەزراوانە هەک کراون و وێنەیەک لە "قاسم سلێمانی" لەسەر ئەو ماڵپەڕانە دانراوە و گۆرانییەکی ڕەپی فارسیشی لەسەرە کە بە دەنگی "هێلیکۆپتێر و تەقە و گفتوگۆی بێسیم بە زمانی فارسی"، دەست پێدەکات.

ئەو گرووپە هەکێرە هێرشە کوێرانەکانیان لەژێر ناوی "تۆڵەی سەخت" ئەنجام داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کارناسانی ئەمنییەتیی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ١٣ی بەفرانبار، سەبارەت بە هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران، پاش کوژرانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، هۆشدارییان دابوو.