کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان

11:09 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بنکەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان کردە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی خۆی.

شەوی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، ڕێژیمی ئێران لە هێرشێکی مووشەکیدا، بنکەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.

دوو دانە لەو مووشەکانە کە هاوێژراونەتە سەر بنکەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نزیکیی فڕۆکەخانەی نێودەولەتیی هەولێر، بە ئامانج نەگەیشتوون.

یەک لەو مووشەکانە لە ٥ کیلۆمیتریی پایگاکە کەوتووەتە خوارەوە و نەتەقیوەتەوە.

مووشەکی دووەم لە نزیکیی شاری "بەردەڕەش"، لە ٥٠ کیلۆمیتریی باکووری ڕۆژئاوای هەولێری داوە کە تەقینەوەی ئەو مووشەکەش زیانێکی بەدواوە نەبووە.

"مۆرگان ئۆرتێگاس"، وتەبێژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "مەسروور بارزانی"، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ناوبراوی لە وردەکاریی هێرشەکان و بەتایبەت هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار کردووەتەوە".

 ئەو هێرشە مووشەکییانە بەڕوونی، پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی کوردستان دێتە ئەژمار.

ڕێژیمی ئێران بۆ پێکانی ئامانجەکانی، هیچ پرەنسیپێک لە بەرچاو ناگرێت.