کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێرشێکی سایبریی چڕوپڕی دەست پێ کردووە

12:50 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی هەوڵەکانیدا لە ڕێگای تێکنۆلۆژییەوە، هێرشەکانی خۆی دەست پێ کردووە و لە هەوڵی سیخوڕیدایە.

دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ سیخوڕیکردن لەسەر خەڵکی کوردستان بەتایبەت خەباتکاران و تێکۆشەران دەستی بە دروستکردنی ئەپی ساختە کردووە و بڵاویان دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای دنیای مەجازییەوە کۆمەڵێک ئەپی بە نێوی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دروست کردووە و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و سیخوڕیکردنی خەڵکدایە.

لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕێژیمی ئێران چەندین ئەپی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت تێلێگرامدا بڵاو کردووەتەوە، کە ئەو ئەپانە تەنیا بۆ سیخوڕی دەنێردرێن و لە کاتی نەسبکردنی ئەو ئەپانە گوشی بەکارهێنەران هەک دەکرێت و زانیارییەکانی دەدزرێت.

ساڵی ڕابردووش  بەرنامە و ئەپلیکەیشێنی تایبەت بە مۆبایل، لە نێو خەڵکی کوردستانی ئێران و بەتایبەت کەسانی چالاک لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەیەوە، کە گوایە ئەو ئەپلیکەیشێنانە هی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لەم بارەوە، دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەموو لایەک بەتایبەت خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هیچ جۆرە ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بە مۆبایل چ بۆ سیستمی ئاندرۆید یان ئایئۆئێس لەسەر دەزگاکانی موبایلی دیزاین نەکردووە.

هەروەها دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەموو لایەک ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو ئەپانە له لایەن دەزگای سیخوڕی و ئیتلاعاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دروست دەکرێن و بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکرێنەوە هەتاکوو کاری سیخوڕی و دژەمرۆییان پی بکەن.