کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێزی بەرەنگاری لەگەڵ هەژاری و گرانیی نییە

11:08 - 24 خەزەڵوەر 2721

"ڕوزبە کردونی" سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەژاری لە ئێران دوو بەرابەر بووەتەوە و توندوتیژیش ٧٧ لەسەد زیادی کردووە.

هەژاریی ڕەها لە ساڵی ١٣٩٦دا پازدە و نیو لەسەد بووە، بەڵام لە ساڵی ٩٩دا ئەو ڕێژەیە بە ٣٠.٦ لەسەد  گەیشتووە.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٩٦دا بەڵێنیی دابوو هەتا ساڵی ١٤٠٠ی  هەتاوی هەژاری ڕەها بە گشتی لە ئێراندا بنبڕ بکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان بەرەو هەڵکشان دەچێت و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانیش بەنیسبەت ئەو دۆخە زیاتر دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٧٥٠ هەزار بنەماڵە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان تەنانەت ماتۆڕ و دووچەرخەکانیان فرۆشتووە.

هەژاری لە کوردستان و ئێران پەرەی سەندووە هەتا ئەو ڕادەیەی کە بەشێک لە هاووڵاتییان پارەی کڕینی نانی وشکیان نییە.

بەهۆی بێکاری، لە ئێستادا بەشێک لە هاووڵاتییان تەنیا سەرچاوەی داهاتیان یارانەیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هێڵی هەژاری ئاسایی بۆ یەک بنەماڵەی چوار کەسی لە ئێراندا دە ملیۆن تمەن بەراورد کراوە.

 کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هێزی بەرەنگاری لەگەڵ هەژاری و گرانییان نییە و تەنیا وتەکانیان لە ئاستی بڕیاردا ماوەتەوە.