کوردستان میدیا: بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە ترسی ڕژانە سەرشەقامی خەڵکی مەریوان هێزێکی زۆریان ڕەوانەی ئەو شارە کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەکی بەیانی، هێزێكی زۆری چەکداریی ڕێژیم لە ڕێگای سنەوە بۆ مەریوان ڕەوانە کراون.
ئەو هێزەی ڕێژیم بە چەکوچۆڵی قورس و هەروەها ماشینی دژە شۆڕش بەرەو مەریوان ڕەوانە کراون.
تەرمی ڕەقهەڵاتووی کۆڵبەری ونبوو، "فەرهاد خوسرەوی" دۆزرایەوە و بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی مەریوان و گوند و شارەکانی دەوروبەر، لە تەنیشت گۆڕی برا شەهیدەکەی، بە خاک ئەسپێردرا.
دوای چند ڕۆژ لە ونبوونی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی نێی مەریوان بە ناوی "فەرهاد خوسرەوی"، تەرمەکەی بە ڕەقهەڵاتوویی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە لە ملەی "تەتە"ی هەورامان دۆزرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی ئەم کۆڵبەرە مێرمنداڵەدا، خەڵکی تووڕەی مەریوان و کوردستان چەندین دروشمیان دژی ڕێژیمی ئیسلامی و سپای تێرۆریستی پاسداران وتەوە و داگیرکەریان بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان زانی.