کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێزی چەکداری نەناسراوی بۆ "داڵاهۆ" ڕەوانە کرد

22:56 - 12 جۆزەردان 2721

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان بۆ شەڕ و ئاژاوە خۆشکردن لە نێوان خەڵکی "داڵاهۆ"دا خەڵک دژی یەکتر هان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای سەرجەم ناوەندە ئەمنییەتییەکانی خۆیەوە هانی خەڵکی جوانڕۆ و دەوروبەر دەدا بە گژی تایفەی "قەڵخانی"دا بچن.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" هەندێک چەکداری نەناسراو بە چەکەوە ڕەوانەی گوندەکانی "داڵاهۆ" کراون و لەنێو خەڵکدا بڵاوەیان پێکراوە. گومانی ئەوە هەیە ئەو چەکدارانە لە ژێر ناوی داعشدا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت، هێرش بکەنە یەکێک لەو دوو تیرە بەشەڕهاتووە. بەمشێوەیە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ شەڕ لە نێوان خەڵکی ئەو ناوچەیەدا دروست بکات.

ڕۆژی ڕابردوو دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ''وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی داواتان لێ دەکەین لە ڕاستای ھێورکردنەوەی دۆخەکە ھەنگاوی بەکردەوە بۆ چارەسەریی بناخەیی ئەو کێشەیە ھەڵگرن و ھەموو ھەوڵی خۆتان بۆ کۆتایی‌هێنان بەو دۆخە نەخوازراوە کە دڵی دوژمنانی گەل و نەتەوەکەمان خۆش دەکا بدەن. کێشە و گرفتی نێوان ئێوە تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنی ڕاستەقینەمان کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە و زۆریش ئارەزوو دەکا کە ئەو ئاژاوەیە گەورەتر بکاتەوە و نەھێڵێ بە ئاشتی و برایەتی پێکەوە بژین."

هەروەها سەید "نەسرەدین حەیدەری" ڕێبەری یارسانەکان داوای لە خەڵک کردبوو خۆیان کێشەکە چارەسەر بکەن.

هاوکات کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ لە بانگەوازێکدا بڵاوی کردەوە: "کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاره‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، توێژی ڕۆشنبیر و پیاو ماقووڵانی ناوچه‌که‌، هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی  هه‌ڵوێست بگرن دژی ئه‌م تێکهه‌ڵچوونه‌ و کار بکه‌ن بۆ ڕاگرتنی خێرای ئاڵۆزییه‌که ‌و هه‌وڵ بده‌ن به‌ شێوازێکی شارستانییانه‌ کێشه‌کانی نێوان ئێڵه‌کانی کۆیک و قه‌ڵخانی چاره‌سه‌ر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر دوژمنانی کورد به‌ تایبه‌ت کۆماری ئیسلامی که‌ڵک له‌و درزه‌ وه‌رنه‌گرێت بۆ تێکدانی ته‌بایی و ئاشتیی هه‌رێمه‌که.