کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەروا بەردەوامە لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوت و گازی خۆی

10:42 - 12 رێبەندان 2721

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران بە بێ گرینگیدان بە گەمارۆکانی ئامریکا و یاسا نێونەتەوەییەکان، هەروا بەردەوامە لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوت و گازی خۆی بۆ وڵاتی "ڤێنێزۆئێلا".

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز" ڕیژیمی ئێران ٢ ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمە گازییەکانی خۆی بۆ "ڤێنێزۆئێلا" هەناردە کردووە و ڕادەستی شیرکەتی نەوتی ئەو وڵاتەی کردووە.

هاوکات شیرکەتی شوێنهەڵگری نەوتهەڵگرەکان ناسراو بە "تانکەر تێرکرێز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە نەوتهەڵگری ئێرانی "ئەستارلا" لە کەناراوەکانی "ژۆزێـ"ـی ڤێنێزۆئێلا ڕاوەستاوە و بارەکەی بەتاڵ دەکرێت.

ئەم نەوتهەڵگرە لە مانگی ڕابردووەوە کەناراوەکانی "تۆنبەکی عەسەلویەی" بەرەو ڤێنێزۆئێلای بە کوژاندنەوەی سیستمی سیگناڵی خۆی بەجێ هێشتبوو.

ئامارە نێونەتەوەییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ نزیک بە ٤.٨٢ ملیۆن بەرهەمە گازییەکانی بۆ "ڤێنێزۆئێلا" بەڕێ کردووە تاکوو لەگەڵ نەوتی قورسی خۆی تێکەڵی بکات بەڵکوو بتوانێت بە هەندێک گۆڕانکاری هەناردەیان بکات.

ڕێژیمی ئێران تاکە وڵاتێکە کە بێنزین و نەوتی قورسی خۆی بۆ ڤێنێزۆئێلا هەناردە دەکات.