کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، هەوڵی تێرۆرکردنی ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێرانی دا

12:03 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەوڵی تێرۆریستی دژ بە دژبەرانی خۆیدا، هەوڵی تێرۆرکردنی ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێرانی دا.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیدا و تێرۆرکردنی دەژبەرانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەت ڕێبەری لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیم، لە نوێترین هەوڵە تێرۆریستییەکانیدا، مەولەوی "ئیبراهیم سۆفیزادە"، ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێرانی کردە ئامانج..

ڕۆژی هەینی، ۲۷ی بانەمەڕ، لە شاری "هەراتـ"ـی وڵاتی ئەفغانستان، پاش تەواوبوونی نوێژی هەینی، مەولەوی "ئیبراهیم سۆفیزادە"، ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێران، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەسڕێژیی گولـلە و هەوڵی تێرۆرکردنی درا.

 ناوبراو سێ گوللـە بەر گەردن، شان و گورچیلەی کەوتووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارەیە و لەژێر نەشتەرگەری و چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بەرەی ئەهلی سوننەی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کردەوە تێرۆریستییە ناسەرکەوتووانە ئیدانە دەکەین، هاوکات ڕایدەگەیەنین کە لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و نیزامی ویلایەتی فەقیهـ زیاتر هیچ دوژمنێکمان نییە و گومانی ئەو کردەوە تێرۆریستییەش تەنیا لەو ڕێژیمەیە و بەرپرسیارەتیی ئەو هەوڵە ناشیرین و دزێوەش لەسەر دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فەقیهـ و ئەو نیزامەیە".

ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، پاش تێرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد لە میکۆنۆسی شاری بێرلین و بە تێرۆریست ناساندنی ئەو ڕێژیمە و بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە، تاکوو یەک/دوو ساڵی ڕابردوو، کردەوە تێرۆریستییەکانی لەسەر دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆی لە دەرەوەی سنووەکانی ئەو وڵاتە کەمڕەنگتر کردبووەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا کردەوە تێرۆریستییەکانی کردووەتەوە و چەندین هەوڵی دیکەی هاوشێوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.