کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەوڵی کڕینی کەرەستەی پێویستی چەکی کۆمەڵکوژیی داوە

12:17 - 8 خەرمانان 2720

ئیدارەی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتیی ئیالەتی "سارلەنـ"ـدی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی کڕینی تێکنۆلۆژی و کەرەستەی ئاڵمانیی پێویستە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرنامەی دروستکردنی چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژی و کەرەستەی هاویشتنیدا.

ئیدارەی "پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتی" ناوی دانراو لەسەر ئیدارەی "ئیتلاعات و تەناهیی نێوخۆیی" ئاڵمانە کە لە چەند ئیالەتی ئەو وڵاتەدا لق و پۆی هەیە.

ڕۆژنامەی "نیشێن" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی عەمەلیاتیی لقی ئیدارەی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتی لە ئیالەتی "سارلەند" نووسیویەتی کە پێشتریش "ڕووسیە، چین و تورکیە" هەوڵگەلێکی هاوشێوەی ڕێژیمی ئێرانیان داوە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکخستنی ئیتلاعاتیی ئەو وڵاتانەی وەک ڕێژیمی ئێران کەسانێکیان لە ئاستە جیاوازەکاندا مەئموور کردووە بۆ دابینکردنی ئەو کەرەستانە کە هەندێکیان دانیشتووی ئاڵمانن.

هەروەها مەئموورە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرگی دیپلۆماتکار یان هەواڵنێردا خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پشتیوانی لە ئامانجەکانی ڕێژیم بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامە چەکوچۆڵییەکان بوونە.

لە ساڵەکانی ڕابردوودا ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی چەندین ئیالەتی ئاڵمان بڵاویان کردبووەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخستنە ئیتلاعاتییەکانی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی چەکوچۆڵی ناوکی کەڵکی وەرگرتووە.