کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی دیکەی دژی عێراق دەست پێکردووە

11:42 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق ئاشكرایان کردووە کە ئێران هەوڵێکی دیکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی عێراق دەستی پێکردووە.

ماڵپەڕی "ئەلئەخباریە" لە زاری ڕاوێژكاری ناوه‌ندێکی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتژیکی بڵاوی كردو‌وەتەوە‌: "كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تێک كردووه‌، بۆ شێواندن و لێدان له‌ پێگه‌ی ئه‌فسه‌رانی باڵای ئەرتەشی عێراق".

"غازی فه‌یسه‌ڵ" باسی لەوە کردووە: "ده‌ستێوه‌ردانەکانی ئێران و هێژمۆنی به‌سه‌ر عێراقدا، سه‌رجه‌م كه‌رت و بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌ و هیچ هیوا و ئومێدێكی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ عێراقییه‌كان دڵیان پێی خۆش بێت و بتوانن ڕووبه‌ڕووی هێژمۆنیی ئێران له‌ وڵاته‌كه‌یان ببنه‌وه"‌.

ناوبراو هۆکاری ئەو کێشانەی بۆ لاوازیی حكوومه‌ت، بوونی میلیشیاكان و گرێبه‌ستی حیزبه‌كان له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ تاران، گەڕاندووەتەوە. هەروەها هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی وڵات به‌ ته‌واوی بكه‌وێته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی ڕێژیمی ئێران.

لە عێراقدا، ڕێژیم بە پاڵپشتیکردن لە حەشدی شەعبی هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک بێت، دۆخی نێوخۆی عێراق بشێوێنێت.

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناسەقامگیری و تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکان، بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتیی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.