کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە بنەماڵەی پێشمەرگە دەکات

11:21 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی بنکە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڕەشە لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکەن و داوایان لێ دەکەن، کە بەڵگە و ناسنامەی منداڵەکانیان ڕادەستی ئەو بنکە و ناوەندانە بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کردووە، ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شاری ورمێ، چووەتە ماڵی بنەماڵەی پێشمەرگەکان یا لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ئاگاداری کردوونەتەوە، کە دەبێت ناسنامە و کارتی میللیی منداڵەکانیان کە لە ڕیزەکانی حیزبدان ڕادەستی ئەوانی بکەن.

بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەخاتە ژێر گوشارەوە، کە دەبێت منداڵەکانیان واز لە پێشمەرگایەتی بێنن و زۆر جاریش دایک و باوکی پێشمەرگەکانی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە، لێپێچینەوه و ‌هەڕەشەی لێ کردوون.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، کە بۆ هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی دژە مرۆیی تەواو دەستیان ئاوەڵایە، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە و بەندکراوانی سیاسی بانگهێشتی ئەو ناوەندە دەکەن؛ زۆر جاریش بە فەرمی بە بنەماڵەی پێشمەرگە دەڵێن کە ئەگەر نەتوانن منداڵەکانتان بێننەوە هەر شتێکیان بۆ هاتە پێش، ئەوە بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی خۆیانه.