کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلگرامییەکان دەکات

12:06 - 17 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلێگرامییەکان کردووە کە هەر کارێک بکەن بۆی ئەوەیکە خەلک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن و خەڵک هەڵخڕینن، سزا دەدرێن.

ڕێژیم هۆشداریی بە بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی داوە، هەر کەناڵ، گرووپ یان گەپی بە کۆمەڵ دابمەزرێنن و دژی هەڵبژاردنەکان گفتوگۆ بکەن، بەپێی یاسا سزا دەدرێن.

پۆلیسی "فەتا"ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەدواداچوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و هەر کەسێک دژی هەڵبژاردنەکان قسە بکات، بانگهێشت و لێپیچینەوی لەگەڵ دەکەن.

هەتا ئێستا چەندین بەڕێوەبەری کەناڵە تێلێگرامییەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت کراون.

لە پارێزگای ئیلام، "سابیر نجوومی"، دادستانی شاری دێهلۆران باسی لەوە کردووە، چاودێریی وردمان لەسەر کەناڵە تێلێگرامییەکانە.

ئەو کاربەدەستەی دەزگای دادوەریی ڕێژیم وتوویەتی، بەڕێوەبەری یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکان کە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی کاری دەکرد، دەسبەسەر کراوە.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێت و زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانییەکان ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە.