کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەکات

10:58 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا دەکات.

لە بەرەبەری نەورۆز، بەرپرسانی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسڵامیی ئێران، هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەروزۆ لە کوردستاندا دەکەن و ڕایانگەیاندووە، کە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە دەبێت لە ڕاستای "یاساکانی شەریعەتی ئایینی ئیسلام و سیاسەتەکانی ئەواندا" بن.

لەم بارەوە بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایانگەیاندووە، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ناوچەکانی کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمانە بەرنامەڕێژی دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕێوڕەسمانە پاڵشتی دەرکییان هەیە و لە لایەن حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لەم ڕاستایەشدا هەر کەسێک لەو ڕێوڕەسمانەدا بکەوێتە داوی ئەو پاڵپشتیانەوە، ناوەندە ئەمنییەکان لێ خۆش نابن.

لە درێژەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، بەتایبەت بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کوردستاندا، ڕایانگەیاندووە، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا، لە ئەگەری بەکارهێنانی هێما نەتەوەیییەکانی کورد، کە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیارییان کردووە، بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکانی ڕێژیم لە خەڵک خۆش نابن.

نەورۆز جیا لەوەی مێژوویەکی کۆنی هەیە و بە یەکێک لە هێما نەتەوەیییەکانی کورد هەژمار دەکرێت، بووەتە نەریتێکی پیرۆز کە ساڵانە خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان لە ڕێوڕەسمگەلێکی جیاواز و ڕازاوەدا بە نیشانەی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە بەرانبەر داگیرکەراندا یادی لێ دەکەنەوە.

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا و بەتایبەت لە دەسپێکی قوناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی تێکۆشەری ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە یەکڕیزییەکی بەهێزی نەتەوەیییەوە یادی ئەو بۆنە پیرۆزە دەکەنەوە و ئەمەش تووڕەی داگیرکەرانی کورد بەتایبەتی ڕێژیمی کۆنەپەرەست و دیکتاتۆری ئێرانی لێ کەوتووەتەوە و تووڕەیی و ناتوانیی خۆیان لە بەرانبەر هەستی نەتەوەییی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بە هەڕەشە دەردەبڕن.