کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە خوێندکاران دەکات

12:42 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە خۆپیشاندان لە زانکۆکان، به ئامبوڵانس هێزی لیباس شەخسیی بردووەتە نێو زانکۆکان و خوێندکارانیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراوەتەوە، دوای خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆی تاران له ڕۆژی دووشەممەدا، هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئامبوڵانس ڕۆیشتوونەتە نێو زانکۆ و دەیان خوێندکاریان دەسبەسەر کردووە.

‌هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی ئێران جیا لە دەسبەسەرکرانی خوێندکاران، به‌هۆی ترس لە خۆپیشاندانەکان، هەڕەشەیان لە خوێندکاران کردووە کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا نەکەن.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم زەنگیان بۆ بنەماڵەی خوێندکارەکان لێداوە کە ئەگەر ئەو خوێندکارانە لە حەوشەی زانکۆ ببینرێن، دەسبەسەر دەکرێن.

هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خوێندکاران و چەندین خوێندکاریان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان هەتا ئێستا چەندین خوێندکار دەسبەسەر کراون و لە شوێنی ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، چەندین کەس لە خۆپیشاندەران لە کەرەج، لەلایەن ‌‌هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستان درێژەی هەیە و ڕێژیم بە هەموو هێزەوە خەڵک سەرکوت دەکات.