کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانی خۆی دووپات کردەوە

13:58 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جەختی کردەوە ئەگەر ئێران نەوت هەناردە نەکات، هیچ نەوتی دیکەش لە کەنداو هەناردە ناکرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران به هۆی گوشارێک کە بە نیسبەت نەفرۆشتنی نەوت لەسەریانە، دیسانەوە هەڕەشەیان کرد ئەگەر ئامریکا پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت هیچ نەوتێکی دیکەش لە کەنداو هەناردە ناکرێت.

ئەو هەڕەشەیە لە لایەن "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران جەختی لەسەر کراوەتەوە.

ناوبراو ئەمڕۆ سێشەممە لە وتاربێژیی خۆیدا لە شاری شاهروود بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕوو لە ئامریکا جەختی کردەوە، ئامریکا دەبێ بزانێت ئێمە دەبێ نەوتی خۆمان بفرۆشین. ناتوانێت پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت. ئەگەر بیهەوێ پێش بە هەناردەکردن نەوتی ئێران بگرێت ئەوە هیچ نەوتێکی دیکەش لە کەنداو هەناردە ناکرێت.

ئامریکا لە هەوڵدایە خولێكی دیکەی گەمارۆی نەوتی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات و فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سفر.

ئامریکا بە مەبەستی گوشارخستنەسەر ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە پێش بە هەنارەکردنی نەوتی ئێران بگرێت و ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز دەکات.

خامنەیی، لە دیدار لەگەڵ باڵوێز و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە، بە فەرمی باسی لەوە کردبوو، کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکەدا هەناردە بکرێت.

چاودێرانی سیاسی لەوە باوەڕەدان کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕێکی خوێناوی لە ناوچەکەدا.