کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی له‌ مامۆستایانی قوتابخانەکان کردووە

10:02 - 5 رەشەمه 2721

له‌دوای‌ به‌رینتربوونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ و مانگرتنی‌ مامۆستایان، ڕێژیم كه‌وتووەته‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن و ته‌نانه‌ت ده‌سبه‌سه‌ركردنی‌ مامۆستایانی‌ قوتابخانه‌.

له‌ شاری‌ سنه‌ له ‌دوای‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی‌ به‌رینی‌ مامۆستایان، به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ڕێژیم هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ مامۆستایان كردووه‌ و به‌ نوێنه‌رانی‌ مامۆستایان و كۆمه‌ڵێک مامۆستای‌ دیكه‌ی‌ قوتابخانه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌ ئێمه‌ داواكارییه‌كانتان جیبه‌جێ‌ ناكه‌ین و ئه‌گه‌ریش واز له‌ مانگرتن نه‌هێننن ئه‌وا ده‌رتان ده‌كه‌ین و به‌ جێگه‌ی‌ ئێوه‌ تەڵەبەی ئایینی ده‌هێنینه‌ قوتابخانه‌كان.

له‌م پێوه‌ندییه‌دا مامۆستایه‌كی‌ قوتابخانه‌كانی‌ سنه‌ وتوویەتی ڕێژیم هیچ گرینگییه‌ک به‌ مامۆستایانی‌ قوتابخانه‌كان نادا و زۆرێک له‌ مامۆستایان له‌ دوای‌ كاری‌ مامۆستایه‌تی‌ خه‌ریكی‌ كاری‌ دووهه‌م و سێهه‌من.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانە وتوویەتی ته‌نیا چینێكی‌ ئیداری‌ كه‌ ڕێژیمی ئێران بۆی‌ گرینگ نییه‌ مامۆستایانی‌ قوتابخانه‌كانه‌. چونكی‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م ڕێژیمه‌ باوه‌ڕی‌ به‌ قوتابخانه‌ و خوێندن و خوێنده‌واری‌ نییه.