کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە حیزبی دێموکرات کرد

18:06 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیەتیی سنوورەکاندا، بەرپرسانی باڵای ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ جارێکی دیکەش بە فەرمی هەڕەشەیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

هەواڵدەریی "ئیسنا" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ باسی لەوە کردووە، هەر جۆره ئیقدامێک بۆ نائەمنکردنی سنوورەکان لە لایەن حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمەوە بە توندی وڵام دەدەینەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ خاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستی پاسداران گوتوویەتی: "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران هەوڵیان داوە کە سنوورەکان نائەمن بکەن بەڵام ئێمە پێشمان پێگرتوون".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە ئەو حیزبانە بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە کەوتوونەتە جووڵە و دەستیان بە دروستکردنی پایگای نیزامی لە چیاکاندا کردووە کە ئێمە بە وردی چالاکییەکانی ئەوانمان لەبەر چاوە.

ماوەیەک پێش فەرماندەکانی ئەرتەشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسیان لەوە کرد کە هێزەکانی ئێمە لەمە بەوڵاوە بە شێوەی هێرشبەرانە عەمەلیات ئەنجام دەدەن و بە تایبەتیش لە سنوورەکاندا ئەم عەمەلیاتیانە ئەنجام دەدەین.

لەو دوای جێگربوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان و چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەشی ئەمنییەتی و نیزامیدا بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ئێمە هێرش دەکەینە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و بوونی ئەوانمان لە چیاکان بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت.

لەو پێوەندییەدا ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ ڕێژیمی ئێران بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کوردستانی باشوور مووشەکباران کرد.