کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە خەڵکی کوردستان کرد

16:17 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری نەورۆزدا بە فەرمی هەڕەشەی لە خەڵک کرد کە بەپیر بانگەوازی حیزبەکانەوە نەچن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فەرمی بڵاویان کردووەتەوە کە خەڵک بەپیر بانگەوازی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمەوە بە نیسبەت بەڕێوەبردنی جیژنی نەورۆزەوە نەچن.

لەو ئاگاداریانەدا هاتووە، لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێران لە هەوڵ دان کە خەڵک بە مەبەستی شێواندنی بارودۆخی ئەمنییەتی لە شارەکانی کوردستان ڕابکێشنە سەر شەقامەکان.

هاوکات لەو ئاگادارییەدا، بە زمانی فارسی هەشتەگی "نە بە تجمعات خیابانی"ـان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا بە فەرمی داوا لە لاوانی کوردستان کراوە کە گوێ نەدەنە بانگەوازی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و خۆیان لە کۆبوونەوە لە ئاستی شارەکاندا ببوێرن.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەکە ، تێرۆریستانی سایبێریی سپای پاسداران، هەڵسوکەوتی خەڵکی ئاسایی لە سۆشیاڵمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخەنە ژێر چاوەدێری و هەڕەشەیان لێ دەکەن، کە نابێت کاناڵەکانی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاو لێ بکەن و بەدوای هەواڵ و زانیارییەکانی ئەو کاناڵانە بکەون.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی نوێدا، بە کۆمەڵێک کردەوەی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، هەوڵی دروستکردنی نائەمنی و هەروەها ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان دەدات.