کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لەنێوبردنی وڵاتانی ناوچەکە دەکات

12:33 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لێکۆڵەری باڵای ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژیکییەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا، وڵاتانی ناوچەکە لەنێو دەبەن.

"دیاکۆ حسێنی"، لێکۆڵەری باڵای ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژیکییەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا ڕایگەیاندووە: "هەندێک لە ئامریکا وا بیردەکەنەوە کە لە شەڕی سنوورداردا، ئێران دەدۆڕێت، لە کاتێکدا کە ئێران شەڕی سنووردار لەگەڵ ئامریکا بە فەرمی ناناسێت. ئێران دەستپێکەری شەڕ نییە، بەڵام کەسێک کە شەڕ لەگەڵ ئێراندا دەست پێبکات، کۆتایی پێهێنەری نییە."

ناوبراو هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد و وتی: "لە ناوچەیەکداین، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بووەتە ئەنباری بارووت، بۆیە دەبێ ئامریکا خۆی و هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵ بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی کەس."

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دیسانەوە ئاماژەی بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند کە لە هەمان ڕۆژانی یەکەمی دەستپێکی شەڕدا، بە شێوەیەکی جیددی هەندێک لە وڵاتان دەکەونە بەر هێرشەکانمان، بە جۆرێک کە هیچ شێوەیەک لە شارستانییەتیان پێوە دیار نەمێنێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدا باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئیسلامی هەڵگیرسێنەری شەڕ نییە، کە حەوتووی ڕابردوو دەوڵەتی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە بکەری هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێشەکە زانیوە و دوابەدواش چەند وڵاتێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانیان هەر لەم پەیوەندییەدا تاوانبار کردووە.