کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئامریکا دەکات

11:52 - 15 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی، کوژرانی "قاسم سلێمانی" بە "هێرشی نیزامی" وڵام دەدەینەوە.

"مەجید تەخت ڕەوانچی"، نوێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتوویەتی، کوشتنی "قاسم سلێمانی" هێرشێکی نیزامی بووە و بە هێرشێکی نیزامی بۆ سەر ئامریکا وڵام دەدرێتەوە.

ناوبراو زیادی کردووە، ئەوەی کە لە چ شوێن و کاتیکدا ئەو تۆڵەیە دەکرێتەوە بڕیارێکە کە لەلایەن ئێرانەوە دەدرێت. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەو لە ئاستێکدا نییە کە سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەو تۆڵەسەندنەوەیە بدوێت.

لە لایەکی دیکەوە، تێلێڤیزیۆنی "ئەلمەیادین"، ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، لە زاری بەرپرسێکی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە وڵامی "مێحوەری موقاومەت" بە کوشتنی قاسم سلێمانی، وڵامێکی شێلگیرانە دەبێت.

"محەممەد ڕەعد"، ڕێبەری نوێنەرەکانی حیزبوڵڵا لە پارلمانی لوبنان وتوویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە کوژرانی قاسم سلێمانی "تووشی هەڵە" بووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا وڵامەکەی وەردەگرێتەوە.

مەبەست لە "مێحوەری موقاومەت"، گرووپە شیعەکانی ژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئێرانە کە لە لوبنانەوە تا یەمەن جێگیرن و یارمەتییان بە دزەکردنی ئێران لە سنوورە جوغرافیاییەکانی ئەو وڵاتە داوە.

لە بەرانبەردا، "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وڵامی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر هاووڵاتییان یان بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، ٥٢ شوێنی ئێران، "زۆر خێرا و سەخت" دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانیان.