کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی بەرجام دەکات

13:46 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەردەوام هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکەن.

بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سەرەڕۆیی و هەڕەشە بێنەماکانیان ڕوو بە  وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئامریکا، ناوچەکە و جیهان، بەردەوام هەڕەشەی هەڵوشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوکیی "بەرجام" دەکەن.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی تەسنیمی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە بەرپرسێکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: بڕیاری پێشێلکردن و پێبەندنەبوون بە ڕێککەوتننامەی بەرجام، کە لە نێوان ئێران و وڵاتانی (۱+۵) واژۆ کراوە و لە بەیاننامەی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، پێمان ڕاگەیەندراوە و دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵە بڵاوکراوە، لە درێژەی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەستڕانەگرتنی ڕێژیم لە پیتاندنی ئورانیۆم و دروستکردنی ئاوی موقەتەر، ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: بەپێی ئەو بڕیارەی کە پەسەند و ڕادەستی ئێمە کراوە، لە ماوەیەکی ۶۰ ڕۆژەدا و لە هەنگاوی یەکەمدا، لە بنکە ناوکییەکانی وزەخانەکانی نەتەنز و ئەراک، بەرنامەگەلێکی نوێ دەست پێ دەکەین.

ڕێککەوتننامەی ناوکی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی (۱+۵)، کە بە ڕێککەوتننامەی "بەرجام"، ناودێر کراوە، لە ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی، بە مەبەستی ڕاگرتنی دروستکردنی چەکی ناوکی و چەکە کۆمەڵکوژەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە واژۆ کراوە، وێڕای ئەوەی کە ڕێژیم بە نهێنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی پێشێل کردووە و خەریکی دروستکردنی چەکی ناوەکییە، بەردەوام هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی بەرجامیش دەکات.