کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە لە بەرجام دەکشێتەوە

18:22 - 27 رێبەندان 2720

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئامریکا گەمارۆکان لە سەر ئێران لا نەبات سەرەتای مانگی ڕەشەمە لە یەک هەنگاوی دیکە  پرتۆکۆلی لکێندراو دەکشێینەوە.

"خەتیب زادە" وتوویەتی؛ ڕاگرتنی پرتۆکۆلی لکێندراو بە مانای چاودێریی تەواوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران نییە و تەنیا ئیزن دەدات ئاژانس لە سەر بەشێک لە چالاکییە ئەتۆمییەکان چاودێری بکات.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی؛ بایدن هەروا ڕێوشوێنەکانی دەوڵەتی "ترامپـ"ـی لە بەرانبەر ئێراندا گرتووەتە بەر و گوشارەکان لە سەر ئێران کەمتر نەبوونەتەوە.

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ پەسندی کرد کە ئەگەر ئامریکا گەمارۆکانی ماڵی، بانکی و نەوت هەڵنەگرێت چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران دەر دەکات و لە بەرجام دێتە دەرێ.

هە لەوبارەیەوە "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەو پەسەندکراوە وتبووی: "لە ڕۆژی سێی مانگی ڕەشەمەدا ڕێژەی چاودێرانی ئاژانس کەمتر دەبیتەوە".