کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران و کورەی باکوور بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانانی مەترسیدارن

16:54 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران و کورەی باکووری بە دوو حکوومەتی مەترسیدار بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانانی ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی خاکەلێوە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا، ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و کورەی باکوور هەردوو حکوومەت، دوو حکوومەتی مەترسیدار بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەگانی ئامریکا و هاوپەیمانانی هەژمار دەکرێن.

مایک پۆمپێئۆ، لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە داهاتوودا وتووێژێکی تر لە نێوان ڕێبەرانی کورەی باکوور و سەرۆک دانڵد ترامپ دێتە ئاراوە، جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین پاڵپشتیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە لە ناوچەکە و جیهانیشدا.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، باسی لە پاڵپشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە خەڵکی ئێران کرد و وتی: "سیاسیەتی ئامریکا لە بەرانبەر ئێراندا، بەهێزکردنی خەڵکی ئێرانە، چونکە خەڵکی ئێران خوێندەوار و تێگەیشتوون و هەروەها تواناییشیان هەیە، ئامریکا ئەیهەوێت تواناییەکانی ئەوان بگەینێتە ئاستێک کە بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانهەوێت ژیان بکەن".

هەر لەم پەیوەندییەدا، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەویی کۆشکی سپی، لە هەمان ڕۆژدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێری خۆی ڕایگەیاند؛ سیاسەتی ئامریکا لە بەرانبەر ئێراندا ئەوەیە کە زۆرترین گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران تاکوو هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی خۆی بگوڕێت.

جان بۆڵتۆن، لە توییتەکەیدا نووسیویەتی: "ماوەیەکی دوورودرێژە کە ڕێژیمی ئێران بە تێچوویەکی زۆر کەمەوە خەریکی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە و پەرەپێدانی پێگەی خۆی و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ خۆیەتی لەو ناوچەیە. ئەو دەورانە ئیتر بە کۆتایی گەیشت و تەواو بوو، ئێمە زۆرترین گوشارەکانی خۆمان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئەوەندە درێژە پێدەدەین تاکوو تاران هەڵسوکەوتە نەشیاو و پەسەندنەکراوەکانی بگۆڕێت".

لەمبارەیەوە هەواڵدەریی ڕویتێرز لە ڕاپۆرتێکدا، لە زاری بەرپرسێکی ئامریکا کە ناوەکەی بڵاو نەکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ساڵڕۆژی هاتنە دەرەوەی دانڵد ترامپ لە ڕێککەوتننامەی ناوکیی (بەرجام)، بە تەمایە گەمارۆی ئابووری تازەتر بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئەو گەمارۆیانەش خەڵکی ئەو وڵاتە ناگرنەوە.