کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بەرجام بۆ وتووێژ نابێت و فەرانسە نیگەرانیی دەربڕیوە

12:37 - 13 رەشەمه 2720

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ سەرکۆماری فەرانسە ڕایگەیاندووە کە بەرجام بۆ دانووستاندنی دووبارە نابێت و تەنیا ڕێگای گەڕانەوە بۆ بەرجام نەمانی گەمارۆکانی ئامریکایە و لە بەرانبەردا فەرانسەش نیگەرانیی توندی خۆی لەو بابەتە دەربڕیوە.

لە وتووێژی نێوان "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و "ئێمانۆوێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە، "ڕووحانی" وتوویەتی، لەدەستچوونی هەلەکان بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی بەرجام دەتوانێت دۆخەکە ئەستەمتر بکاتەوە.

ناوبراو وتوویەتی: "کەمکردنی قۆناخ بە قۆناخی بەڵێنییەکانیان لە بەرجامدا بەهۆی چوونە دەرەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتنە و نەبوونی توانایی لە سێ وڵاتی ئورووپاییدا بۆ پاراستنی بەڵێنییەکانیان لە بەرجامدا بووە کە پاش بەدیهاتنی بەڵێنییەکانی لایەنەکان دەتوانێت بگەڕێتەوە".

لەو وتووێژە تەلەفۆنییەدا "ماکرۆن" نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی لە بەرجامدا دەربڕی.

هەروەها "کۆشکی ئێلیزە" لە ڕاپۆرتێکدا کە لەسەر وتووێژی نێوان ئەو دوو هاوتا ئێرانی و فەرانسەوییە بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە کە "ئێمانۆوێل ماکرۆن" بە هاوتای ئێرانیی خۆی وتووە کە بەپێی ئەوەی کە فەرانسە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆری بۆ بووژاندنەوەی بەرجام داوە، تاران دەبێ "بە ڕوونی و خێرا" ڕایبگەیەنێت کە ئایا دانوستاندن لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی بەرجام و لەوانە ئامریکا دەست پێ دەکات یان نە.

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی کە ئامریکا گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵنەگرێتەوە ئامادە بۆ دانووستاندن نابێت.

لە بەرانبەردا "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئامادەی گەڕانەوە بۆ بەرجامە بە مەرجێک کە ڕێژیمی ئێران بەڵێنییەکانی لە بەرجامدا پێشێل نەکات.