کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، تا گوشارە ئابوورییەکان کەم نەبێتەوە وتووێژ ناکەین

19:00 - 1 بانەمەڕ 2720

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا سەبارەت بە ویستی ڕێژیمی ئێران بۆ وتووێژ لەگەڵ ئامریکا پاش کۆتایی پێهاتنی دەورەی سەرکۆمارییەکەی وتوویەتی، ئێران بە دوای وتووێژی دووبارە لەگەڵ ئامریکادا نییە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوە، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتوویەتی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی چاوەڕێن کە من لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا شکست بێنم و ئەوان بتوانن ئیمتیازی دووبارە لە ئامریکا بستێنن.

ترامپ ڕایگەیاندووە: "پێدەچێت ئەوان بیریان لەوە کردبێتەوە و چاوەڕێن تا ڕەنگە بایدێن سەرکەوتن بەدەست بێنێت و ببنە خاوەنی ئامریکا".

لە بەرانبەردا "عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیران، ڕۆژی دووشەممە،١ی بانەمەڕ، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لە وڵامی وتەکانی "ترامپ" جەختی کردووەتەوە کە تا کاتێک ئامریکا گوشارە ئابوورییەکان درێژە پێ بدات، ئێران هیچ وتووێژێکی لەگەڵ ئامریکا نابێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە پاش چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەمارۆدانان، ئێران بە دوای دانیشتن و وتوویژ لەگەڵ ئامریکادا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "عەلی ڕەبیعی"، وتەبێژی ڕیژیم، لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: "هەرکەس و لە هەر باڵێکەوە مادامێک سووکایەتیمان پێ بکات، وتووێژ لە کاردا نییە، ئێمە وتمان گەمارۆکان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە بۆ سەر وتووێژەکانی ١+٥".

"دانڵد ترامپ" هەروەها جەختی کردووەتەوە و وتوویەتی: "ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران دەبێ عاقڵ بن و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێمەدا بکەن".