کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وتووێژی بەرهەمهێنەرانی دەرمانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان قەدەغە کردووە

17:44 - 29 رەزبەر 2720

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دەرنەکەوتنی ڕاستییەکانی کەمبوون و نەمانی دەرمان، وتووێژی بەرهەمهێنەرانی دەرمانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان قەدەغە کردووە.

دەرمان لە ئێراندا هەم بەهۆی گرانیی بێوێنە و هەم بەهۆی کەمبوون و قاچاخییەوە بووەتە هۆی نیگەرانیی ملیۆنان کەس و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ئەو دۆخەیان بە "ئێلقای ڕەوانی" ناو لێ بردووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرهەمهێنەرانی دەرمان دەڵێن، گرانیی لەڕادەبەدەری دراو و نەمانی دراوی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنیی دەوڵەتی بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێویستی بەرهەمهێنانی دەرمان وای کردووە کە تەنانەت توانای ماڵی بۆ بەرهەمهێنانی بەستەبەندیی دەرمانەکانیش نەمێنێت.

ڕۆژنامەی "ئێعتماد"ی ڕێژیم نووسیویەتی کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنەرانی دەرمان، تا ئاگادارکردنەوەی دوایی ناتوانن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا وتووێژ بکەن.

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران هەروەها وتوویەتی کە تا کاتی ڕوونبوونەوەی چۆنیەتیی کەمبوونی هەندێک لە دەرمانەکان و دیاریکردنی چارەنووسی دراوی پێویستی پیشە و هاوەردەکردنی دەرمان و مادە سەرەکییەکانی و کەرەستەی پێویستی دەرمان، جگە لە بەرپرسانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیم هیچ کەسێکی حەقیقی لە کەرتی تایبەتدا، نابی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان وتووێژ بکات.

وەزارەتی تەندروستی هۆکاری ئەو قەدەغەی وتووێژەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە گوایە فەزای ئێستای کۆمەڵگا بە ڕێژەی پێویست لە هەواڵەکانی هەڵاوسان، گرانیی نرخ، کەمبوون و ئەنبارکردنی کەرەستە سەرەکییەکانی پڕە و پێویست بە نائارامیی لەوە زیاتر ناکات.

ئەم بیانووانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران دەستی داوەتە سانسۆری ڕاستییەکان و بە بیانووهێنانەوە دەیهەوێت قەدەغەی درکاندنی ڕاستییەکان بە ڕەوا لەقەڵەم بدات.