کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، ئورانیۆمی پیتاوی لە ٣٠٠ کیلۆگرەم تێپەڕاند

18:16 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستی پیتاندی ئورانیۆم لە ڕێژەی دیاریکراوی، بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە ٣٠٠ کیلۆگرەم ئورانیۆمیان پیتاندووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، دوای پێوانی ماددە پیتێنراوەکانی ڕێژیمی ئیران، ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ٣٠٠ کیلۆگرەم ئورانیۆمی پیتاویان لە ئەمبارەکانیاندا هەیە.

لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەرداندا، "بێهرووز کەمالوندی" ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران هەتا ١٠ ڕۆژی دیکە، ئاستی پیتاندی ئورانیۆم بە ٣٠٠ کیلۆگرەم دەگەیەنێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێران نابێ لە ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر، ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی بەرزتر بکاتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردووەوە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئەگەری هاوکارینەکردنی ماڵیی وڵاتانی ئورووپایی، هەڕەشەی هاتنەدەرەوەیان لە ڕێککەوتنی بەرجامدا کردووە.