کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وردەباجی ساڵی داهاتووی لەسەر ئەو کەسانەی هاتوچۆی وڵاتانی دراوسێ دەکەن زیاد کرد

11:36 - 19 بەفرانبار 2720

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ڕێکخستنی گەڵاڵەی بودجە پەسندکراوی ساڵی ١٤٠٠، باسی لەوە کردووە هەر کەسێک سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکات دەبێ ٤٠٠ هەزار تمەن وەک وردەباج (عوارض) بدات.

"ڕەحیم زارع" لەو بارەیەوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "وردەباجی ئاسمانی بۆ چوونەدەرەوەی هاووڵاتییان لە ئێران لە ساڵی داهاتوودا، ٤٠٠ هەزار بۆ هەر کەسێک دیاری کراوە".

وردەباجی چوونەدەرەوە لە ئێران لە ساڵی ٩٨، بۆ یەکەم جار بڕی ٢٢٠ هەزار تمەن بووە، جاری دووهەم ٣٣٠ هەزار تمەن و  ٤٤٠ هەزار تمەن بۆ سەفەری سێهەم یان زیاتر لە بەرچاو گیرابوو.

ئەم وردەباجە بۆ سەفەری یەکەم هەر موسافێرێک لە ئەمساڵدا "(٩٩) ٢٦٤ هەزار تمەنە و جاری دووهەم لەسەدا ٥٠ دەخرێتە سەری و سێهەم کەڕەتیش لەسەدا سەد، زیاد دەکات.

ورەگرتنی وردەباج لە موسافیرانی ئێرانی پاش دەسپێکردنی شەڕ لەگەڵ عێراق و دابەزینی داهاتی ئێران لەو شەڕەدا، لەلایەن دەوڵەتەوە باس کرا و لە ساڵی ١٣٦٥، بڕیار بوو، بڕی ٥ هەزار تمەن لە هەر موسافیرێک کە سەردانی وڵاتانی دراوسێ دەکەن، وەربگیردرێت.

بەرزبوونەوەی وردەباج بۆ هاتوچۆکردن بۆ وڵاتان لەحاڵێکدایه کە ڕێژەی هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئێرانی، بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانی لە بەرانبەر بەهای وڵاتانی بیانی بووە.