کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران: ئورووپا زەرەر دەکات

17:25 - 7 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت گوشار و دۆخی ئابووریی و ڕوون نەبوونی هەڵوێستی ئورووپا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ وڵاتانى ئورووپایی دەکەن.

"عه‌لى ئه‌كبه‌ر ساڵحى " یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و لە پیاوانی ئەتۆمیی ئەو ڕێژیمە داوای له‌ وڵاتانى ئورووپایی کرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى سزاكانى ئامریکا بۆ سەر وڵاتی ئێران كار بكه‌ن.

ناوبراو لە پرێسکۆنفڕانسێکدا هه‌ڕه‌شەی کرد و وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌ى پابه‌ند نه‌بن، ئه‌وا ئێران كارێک ده‌كات ئورووپا پێى دڵخۆش نابێت".

ساڵحى سه‌رۆكى ڕێكخراوى وزه‌ى ئه‌تۆمىی ئێران لەو وتووێژەدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا"وێڕای هه‌ڕه‌شە کردن‌ له‌ ئورووپا داوای له‌ وڵاتانى یه‌كیەتیى ئورووپا کرد به‌و به‌ڵێنانه‌ پێبەند بن کە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى سزاكانى ئامریکا به‌ ئێرانیان داوه‌.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە ئه‌گه‌ر ئورووپا پابه‌ند به‌ به‌ڵێنه‌كانى نه‌بێت، نه‌ ئورووپا و نه‌ ئه‌ندامانى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى دڵخۆش نابن و سوودی لێ نابینن.

ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە هەواڵدەریی " ڕۆیتێرز" لە زاری دیپلۆماتە ئورووپاییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵی ئەوەدایە گەمارۆی ئابووریی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات و ئەو گەمارۆ ئابوورییانەش بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لەخۆدەگرێت.

 ڕۆیشتنەدەرەوەی شیرکەتە بیانییەکان لە ئێران دوای ئەوە دێت، کە دانڵد ترامپ سەرۆکی ئامریکا ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڕیاری دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بێتە دەرەوە.