کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەداتەوە

12:10 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە وڵامی هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر هەناردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتە دەدەنەوە.

ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکوومەتی ئیرنا، لە بارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران وتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانای پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەکان هەیە و بە توندی وڵامیان دەداتەوە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەکانی قسەکانیدا، جەختی لە تواناکانی "یەگانە دەریایییەکانی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران"، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە ئاوە نێونەتەوەییەکانیدا کردەوە و وتوویەتی: "هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لێبڕاوانە ئەمنیەتی هێڵەکانی کەشتیوانی و ڕێگە ئاوییە نێونەتەوەیییەکان بۆ خۆی و هەموو ئەو کەسانەی لە بواری بەرژەوەندییەکانی ئێمە کاردەکەن، دەپارێزین".

ئەم قسانەی وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە، کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەم دواییانە بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ڕایگەیاندبوو، کە بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆوەکانی ئامریکا هەناردەکردنی نەوت لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە قاچاخ هەژمار دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیلیش لە کاتی پێویستدا ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی قاچاخ لە لایەن ئێرانەوە دەکەن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا ڕایگه‌یاندووە، وڵاتەکەی وتووێژەکانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ٨ وڵاتەی کە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بەخشرابوون‌ ده‌ست پێ ده‌كاتەوە، کە به‌تایبه‌تی وتووێژ لەسەر نەكڕینی نه‌وت لە ئێران لە خۆ دەگرێت.

ئەو هەوڵەی ئامریکا، هەنگاوێکە بۆ ڕاگرتنی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی ئێران به‌ته‌واوەتی کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە باری ئابوورییەوە هه‌ناسه‌ی‌ ئێران ببڕدرێت.