کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە سەبارەت بە بوومەلەرزەلێدراوانی "ئەحواز" و "چلگەرد" کەمتەرخەمە

16:26 - 15 رەزبەر 2721

بومەلەرزەلێدراوانی پارێزگاکانی "ئەحواز" و "چوارمەحاڵی بەختیاری" دوای ئەزموونکردنی بوومەلەرزەی ٥.٧ ڕیشتەری و زیانگەیشتن بە ٢٧٠ گوند و ١٠٧ خوێندنگە، لەگەڵ کەمتەرخەمیی بەناو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرەوڕوو بوونەتەوە.

"مورتەزا زەمان پوور" فەرمانداری شاری "کوهڕەنگ" لە پارێزگای "چوارمەحاڵی بەختیاری" وتوویەتی: "ئەو بوومەلەرزەیە زیانی ٣٠ هەتا ٨٠ لەسەدیی بە ٢٢٠ گوندی ناوچەی ئەو شارە گەیاندووە و زۆربەی گوندەکانیش ئاوی خواردنەوەیان پچڕاوە کە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراون".

هەروەها "عەلی قوربانی" بەڕێوبەری کەرتی وەبەرهێنەری خانووبەرە وتوویەتی: "بەهۆی بوومەلەرزەوە ٩ قوتابخانە بە شێوەیەکی جیدی زیانیان بەرکەوتووە کە دەبێ بەتەواوەتی بڕووخێندرێن و قووتابخانەی نوێ جێیان بگرێتەوە.

بە وتەی "قوربانی"، تێچووی نۆژەنکردنەوەی تەواوی سێ قووتابخانە ٢٠ میلیارد تمەنی دەوێت، هەروەها کەڵکوەرگرتن لە کانێکس بە جیگای ٦ قووتابخانەی ڕووخاو لانیکەم ١ میلیارد و نیوی بودجە دەوێت کە پێیان دروست ناکرێنەوە.

ناوبراو لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە ٤٨ خوێندنگە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام قووتابییەکان دەتوانن تێیاندا بخوێنن.

ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم بە میلیارد پارە و چەکوچۆڵ دەنێرێت بۆ میلیشیا چەکدارەکان، هەروەها لە ماوەی پێشوودا سێ جار نەوتی بۆ "حیزبوڵـڵا"ی لوبنان هەناردە کردووە، لەلایەکی دیکەوە خانووبەرە لە سووریە دروست دەکات، بەڵام کە نۆرە دەگات بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو پارە نییە و قووتابییەکان دەبێ لەژێر مەترسیی ڕووخانی خوێندنگەکاندا بخوێنن.