کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پارەی سووتەمەنی لە قوتابییان وەردەگرێت

10:55 - 2 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی کوردستاندا، پارەی سووتەمەنی لە قوتابییان وەردەگیردرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە دابینکردنی پێویستییەکانی قوتابخانەکان لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا دێتە ئەژمار.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی "سەرهوویە" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، پارەی سوووتەمەنی لە قوتابییان وەردەگیردرێت.

بەهۆی ئەوەی کە گوندی "سەرهوویە" لە شوێنێکی کوێستانیدا هەڵکەوتووە، ماوەیەک زووتر لە شوێنەکانی دیکە پێویستی بە دابینکردنی سیستمی گەرمایی هەیە.

بەرپرسی قوتابخانەی ئەم گوندە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، داوای لە قوتابییانی قوتابخانەکە کردووە کە بۆ دابینکردنی سیستمی گەرمایی و دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست، هەر کامەیان بڕە پارەی٦٠ هەزار تمەن بە قوتابخانەکە بدەن.

داواکردنی پارەی سووتەمەنی لە قوتابییان لە حاڵێکدایە کە ئەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانە کە بە گوێرەی ئاو و هەوای ناوچەکان و شوێنە جیاجیاکان، پارە و بودجەی پێویست بۆ قوتابخانەکان دابین بکات.

کێشەی سیستمە گەرماییەکانی قوتابخانەکانی ئێران بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، لەو کێشانەیە کە بە دستپێکردنی وەرزی سەرما، هەڕەشە لە گیانی قوتابییانی کوردستان دەکات.